مادام چاکسازیی دینی، تێکەڵە بە پرسی سازاندنەوە،  ھەر لەوێشەوە تێکەڵ بە چەمکی غوربەتیش دەبێ. غوربەت کە ئەزموونکردنی غەریبییە، ئاماژەیە بە دووری لە نیشتمان و زێد. لە دەقێکی فەرموودەی بەناوبانیشگدا کە موسلیم گێڕاویەتیەوە، غەریبی و ئیسڵاح بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لانیکەم لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا یەکتر تەواو دەکەن. فەرموودەکە باس لەوە دەکا، ئیسلام بە غەریبی دەستی پێ کردووە و غەریبیش دەبێتەوە، ئاواتیش بە پێگەی غەریبان خوراوە. واتە کەسانێکن خۆزگەیان پێ دەخورێت. دواتر لە ھەندێ گێڕانەوەدا ئەوەش زیاد کراوە لە پێغەمبەر(د.خ) پرسراوە ئەو غەریبانە کێن و ناسنامەیان چیە؟ ئەویش فەرموویەتی: ئەوانەن لە دۆخی خراپەکاری خەڵکدا  قۆڵی چاکسازی لێ ھەڵدەماڵن. لە سەردەمی خراپی و گەندەڵی ئوممەتی مندا، لەخەمی بوژاندنەوەی ڕێ و ڕێبازی مندان. ئێمەش حەز دەکەین لە ڕوانگەی ئەم دەقەوە زۆر بەکورتی و بە ئه‌ندازەی ئەوەی ئەم مینبەرە بەڕێزە توانای لەخۆگرتنی ھەیە، لەپەیوەندی بە دووانەی (غوربەت) و چاکسازی (ئایینیی) ئاماژە بەم سەرە قەڵەمانەی خوارەوە بکەین:

١- بە تێپەڕین ڕۆژگاڕ و بارگرانی و قورسایی جەبرە فەرھەنگی و مێژووییەکان، ڕوحی ئیسلام و مەبەستە باڵاکانی لە سەرزەمینی خودی موسوڵماناندا غەریب دەبنەوە، ڕێوڕەسم و پەرستشی کڵێشەیی و دینداری بارگاوی بە ململانێ و شەپۆلەکانی ژیان و واقیع، شوێنی دین دەگرنەوە. ھەر ئەوەش خۆی گەورەترین پاساوی چاکسازییە.

٢-  چاکاسازان لانیکەم لە سەرەتای ھەوڵەکانیاندا غەریب دەردەکەون، وەك ئەوەی ئایینێکی نوێیان ھێنابێت؟! بەرھەڵستی دەکرێن و بەدەرچوو لە کۆدەنگی زانایان و فۆڕمی ئایینی باڵادەست تۆمەتبار دەکرێن و ڕەنگە جۆرەھا ناو و ناتۆرەیان بخرێتە شوێن!

٣- ڕۆڵی چاکسازان ڕۆڵی دەستپێکردنێکی نوێ و دووبارە بیناکردنەوەیە. واتە ڕوویان لە داهاتوویه‌.

٤- ھەموو چاکسازییەك پێویستی بە خوێنگەرمی و دڵسۆزی و ئیمان سەروەری و متمانەی سەرەتا و پێشەنگانە.

٥- بەپێچەوانەی ھێڵی گشتی فیکری ئیسلامی مێژوویی، کە ئەم جۆرە دەقانەی تێکەڵ بە چەمکی فیتنە و نزیکبوونەوەی ئاخر زەمان و ڕەشبینی بەرامبەر ئایندە و ئەگەری باشبوونی بارودۆخەکان کردووە و لەوێشەوە دینداری کردووە بە سەرچاوەی جەزرەبەی دنیایی و نائومێدبوون لە چاکسازی. ئەم دەقە باس لەسەرەتایەکی تر دەکات کە موژدە دەدا بە داھاتوویەکی جیاواز و پڕئومێد، واتە ئەم دەقە پەیامی پرسە و جاری کۆتایی نییە، بەڵکوو مژدەی سەرەتایەکی نوێیە.

٦- پرسی چاکسازی لەم دەقەدا بەپێچەوانەی دەقی تایبەت بە تازەکردنەوەی ئایین، تاکەکەسی نیبە، بەڵکوو بەرھەمی ھۆشیارییەکی دەستە جەمعی نوخبەوییە، بەجۆرێك، ھەوڵە تاکەکەسییەکانیش تیایدا دەبن بە بەشێك لە شەپۆلە مێژووییە گشتییەکە.

٧- گوتاری چاکسازی ڕووی لە خەڵکییە بەگشتی، واتە لە بازنەی بیروباوەڕ فراوانترە و بەرامبەر خراپە و گەندەڵییە بەبێ پێناسەکردن و دیاریکردن.

٨- خولگەی چاکسازییەکە خەڵکە، واتە مرۆڤە. لە ئاستی ئایینیشدا جارێکی تر ناساندنەوەی ناونیشانە گەورەکانی ڕێبازە نەك وردەکاری و مەسەلە ئەندەك و جوزئییەکان. بەواتایەکی تر، سوننەت لێرەدا یەکسان نییە بەو پێناسە مێژووییەی لە لایەن زانایانەوە بۆی کراوە. ھەموو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، مرۆڤێکی نوێ، یەکسانە بە تێگەشتن و پیادەکردنێکی نوێی ژیان و ئایین. بە وتەی سروش ئایینی مرۆڤی دواکەوتوو لەچاوی خەڵکدا دوواکەوتووە.

ئەمەو زۆر شتی تر، بەکورتی غوربەت بەشێ لە ڕوخسار و ناسنامەی قۆناغی سەرەتایی چاکسازیخوازانەیه‌. چونکە ئیسڵاح گەڕانەوە بۆ سەرەتاکان و دووبارە کارلێك لەگەڵ واقیع و بەرھەمھێنانی فۆڕمێکی نوێی دینداری و ژیانکردن دەخوازێت، ئەوەش سەرەتا بۆ خەڵکی نامۆیە. بەڵام لە جەوھەردا غەریبی ئەمان نیشانەی ئاشناییانە بە ڕوحی ئایین وسەردەم و ئەرکەکانیان، ئاشنایی خەڵکەکەش لە ھەناویدا غەریبییەکی قوڵی لەو ڕووەوە لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. لێرەشەوە چاکسازیخوازەکان مافی خۆیانە دڵیان بەخۆیان خۆش بێت و بە سەیرکردنی وێنای خۆشیان لە داھاتوودا، مکورتر بن لەسەر ستراتیژی چاکسازیخوازانەیان.